ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 27ی ئەیلولی 2026 کاژێر 18:20 لە نزیک گەڕەکی ئاجارئۆبا لە قەزای کورودەرەی سەر بە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، پێکدادانێک لەنێوان پاسێکی نەفەرهەڵگر و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا ڕووی دا.
بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی پارێزگاری دیلۆک، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئیلکەر ئێکەر، یاریدەدەری پارێزگاری دیلۆک لە شوێنی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند کە هۆکاری رووداوەکە هەوڵی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە بووە لە پاسەکە کە لەنێوان هاتای و دیلۆکدا کاری کردووە؛ لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە خۆی بە پاسەکەدا کێشاوە و وەرگەڕاوە.
سەرجەم حەوت سەرنشینی نێو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە، بە شۆفێرەکەیانەوە، گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا بریندارەکان هەموویان سەرنشینی پاسەکەن و برینەکانیان سووک و مامناوەندە.
دوای ڕووداوەکەش، تیمەکانی تەندروستی، جەندرمە، ئافاد و ئاگرکوژێنەوە گەیەنراونەتە شوێنەکە و بریندارەکان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.