مەحفوز گیولەریوز، جێگری هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، هاوسەنگە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگۆڕێن و بەو هۆیەشەوە پارتەکەیان لە پرۆسەیەکی نوێی نوێبوونەوەدایە کە بەرنامە، پێڕەوی ناوخۆ و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی دەگرێتەوە.
ئەم گوتانەی گیولەریوز لە میانی پێشکەشکردنی گوتاری کردنەوەی "کۆنفرانسی هەرێمی مەڕمەڕە"دا هات کە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی پێنجهەمین کۆنگرەی گەورەی دەم پارتی، لە ناوەندی ڕۆشنبیریی عەلی ئەمیری لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە هاوشان لەگەڵ دەستپێکردنی "قۆناغی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"، پێویستە دەم پارتییش گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گونجاو لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیەدا ئەنجام بدات.
جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بە ڕابردوو کرد و گوتی، پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ بەهۆی دۆسیەی داخستنی ههدەپەوە، ناچار بوون لە ژێر چەتری پارتی چەپی سەوزدا بچنە هەڵبژاردنەوە، ئەمەش وایکرد نەتوانن زۆرێک لە ڕێکخستنەکان بەو شێوازە بکەن کە دەیانەوێت؛
بۆیە لەم کۆنگرەیەدا بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆ بە تەواوی پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت. گیولەریوز جەختی لەوەش کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان لەم نوێبوونەوەیە، بونیادنانی پارتێکی گونجاوە بۆ "کۆماری دیموکراتیک" و پێویستە بە متمانە بەخۆبوون و ئازایەتییەکی گەورەوە بەرەو کۆنگرە بڕۆن.