بەڕێوەبەری تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک ڕایگەیاند کە پێویستە "یاسای چوارچێوە" بۆ پڕۆسەی ئاشتی، عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم ئەندامانی ڕێکخستن بگرێتەوە، هۆشداریشی دادێت کە هەر یاسایەک ئۆجالانی تێدا نەبێت، توانای چارەسەرکردنی پرسی کوردی نابێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە دوا کۆبوونەوە و گەشەسەندنەکانی پێوەندیدار بە یاسای چوارچێوە، بەڕێوەبەری تەڤگەر ئاماژەی بەوە کرد لە کۆبوونەوەی کۆتایی نێوان ئاکپارتی و دەم پارتی، هەندێک لایەنی ئاکپارتی هەڵسەنگاندنی نوێیان بۆ یاساکە کردووە کە لەلایەن ئەوانەوە "قبوڵکراو نییە."
جەختیشی کردەوە هەر هەنگاوێک کە پێگەی ئۆجالانی تێدا دیاری نەکرێت، بە واتای بەلاڕێدا بردنی پڕۆسەی ئاشتی دێت و پێویستە دەستبەجێ یاساکە لەگەڵ خودی ئۆجالاندا تاوتوێ بکرێت.
بەڕێوەبەری تەڤگەر باسی لەوەش کرد کە ئەگەر ئامانج کۆتاییهێنان بێت بە خەباتی چەکداری دوای 50 ساڵ، دەبێت زەمینەیەکی بەهێزی یاسایی و سیاسی بۆ سەرجەم ئەندامانی ڕێکخستن بونیاد بنرێت، چونکە ئەم یاسایە نەک تەنیا ئەندامانی ڕێکخستن، بەڵکو گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیاش لەخۆدەگرێت.
هەروەها داوای لە لایەنەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کرد چاوەڕێی هەنگاوەکانی دەوڵەت نەکەن، چونکە چاوەڕوانکردنی دەوڵەت بۆ هێنانەدیی ئاشتی، نیشانەی تێنەگەیشتنە لە چەمکی دیموکراتیزەکردن.