ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی ئەیلولی 2026، لە تەلاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا و بە سەرپەرشتی سەرۆکی لێژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان، هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان ئیمزا کرد.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید، ڕاوێژکاری وەزیر و نوێنەری د. ئارام محەمەد قادر، بە هاوکاری سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و ڕاوێژکاران، لەگەڵ وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە ڕۆژی دامەزراندنیانەوە دان بە سەرجەم کۆلێجەکانی زانکۆی گەرمیاندا دەنێت، بەو کۆلێجانەشەوە کە لە شارۆچکەی خانەقیندا هەڵکەوتوون.
هاوکات لە بەشێکی دیکەی یاداشتنامەکەی هەردوولادا بڕیار درا بە دامەزراندنی زانکۆیەکی سەربەخۆ لە شارۆچکەی خانەقین کە سەرۆکەکەی لە خەڵکی ناوچەکە دەبێت؛ ئەم زانکۆ نوێیە سەرجەم ئەو کۆلێجانە لەخۆدەگرێت کە پێشتر سەر بە زانکۆی گەرمیان بوون و پرۆسەی وەرگرتنی خوێندکارانیش تێیدا بۆ تەواوی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە دەبێت.
بڕیاریشە لە هەنگاوی داهاتوودا ئەم یاداشتنامەیە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمەوە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بكرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی.