ڕاستەوخۆ

پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم ڕێکدەکەون؛ لایەنەکان هەڵوێستیان دەبێت

reset font size increase font size

دوای نزیکەی دوو ساڵ لە چەقبەستوویی سیاسی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبێ بەشداریپێکردنی لایەنەکانی دیکە ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش کاردانەوەی توندی لایەنەکانی لێکەوتووەتەوە.

دوای ماوەیەکی زۆر لە کۆبوونەوەی دوور لە چاوی میدیاکان، کە بە نێوەندگیریی لایەنێکی هەرێمی بەڕێوەچوون، پارتی و یەکێتی نزیکبوونەتەوە لە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم کە بڕیارە لە مانگی 10ی ئەمساڵدا پێکبهێندرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، کابینەی نوێش هاوشێوەی کابینەی نۆیەم دەبێت و پۆستەکان لەنێوان هەردوو حیزبدا دابەش دەکرێن، لەگەڵ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکوەزیران.

لە بەرامبەردا، هەڵوێستی لایەنەکان دەستبەجێ ڕاگەیەندرا؛ هیمداد شاهین، گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، ڕایگەیاند که‌ وەک نەوەی نوێ بە هیچ شێوەیەک بەشداریی حکومەتی نوێ ناکەن و هەر لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا دەمێننەوە.

هاوکات عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، ڕێککەوتنەکەی بەوە وەسف کرد کە حکومەتەکە بە نێوەندگیریی وڵاتێکی هەرێمی پێکدەهێنرێت و لایەنی دیکە بەشدار ناکرێت، و ڕێککەوتنەکەی بە دوو دەسەڵاتی دوو ئیدارەیی ناوبرد.

لە لایەکی ترەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پشتڕاستی کردەوە کە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم چڕتر کراونەتەوە.

شایەنی باسە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 ئەنجامدرا و تێیدا پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسیان بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، پێکهێنانی حکومەت نزیکەی دوو ساڵ دواکەوت، و بەهۆی ئەوەی تەنها دوو ساڵ لە تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان ماوە، پێکهێنانی کابینەکە لەم کاتەدا وەک نوێکردنەوەی شەرعییەت تەماشا دەکرێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.