ڕاستەوخۆ

سالار مەحمود: ئازادکردنی ئۆجالان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا وەرچەرخانێکی گرنگە

reset font size increase font size

سالار مەحموود، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، دروستکردنی بەرەیەکی کوردستانی بۆ چوارپارچەی کوردستان پێویستییەکی گرنگی ئەم قۆناغەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتیدا دەبێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار، سالار مەحموود ڕایگەیاند دوای سەد ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان، ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاریی مێژوویی ڕۆیشتووە و ئەمڕۆ کورد بووەتە ئەکتەرێکی سەرەکی.

لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی بەردەوام پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتییانە کردووە و گوتی: "ئێمە دەمانەوێت بەڕێز ئۆجالان ڕۆڵێکی کاراتری لەم پرۆسەیەدا هەبێت، هەروەها ئازادکردنی ئۆجالان وەک گۆڕانکارییەکی گرنگ و پێویست بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەبینین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سالار مەحموود جەختی لەسەر پێویستیی دروستکردنی "مەتبەخێکی سیاسیی کوردستانی" و بەرەیەکی هاوبەش کردەوە کە بێ فەرق و جیاوازی نوێنەرایەتیی سەرجەم پارچەکان بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، بافڵ تاڵەبانی لە سالیادی دامەزراندنی یەکێتیدا لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ داوای ئەم پڕۆژەیەی کردووە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ڕۆژاڤای کوردستان، ڕوونی کردەوە کە یەکێتی پشتیوانی لە خوشک و براکانی لە ڕۆژئاوا دەکات بەبێ ئەوەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییان بکات یان ڕێنماییان پێبدات؛

 چونکە ڕۆژئاوا خۆی ئازادە لە دیاریکردنی شێوازی بەڕێوەبردن و دانوستانەکانی لەگەڵ دیمەشق.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆن و پرسی تورکیا کرد و گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، تەوەرێکی سەرەکی تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.