ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، ئەمیندارى گشتیى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەردانێک گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا کۆبووەوە.
ئەمڕۆ شەممە، گۆتێرس و شاندێکی یاوەری لە لایەن ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق پێشوازییان لێکرا.
دواتر لە کۆشکی سەرۆکایەتی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوولا، بەتایبەتی لە بواری مرۆیی، گەشەپێدان، هاوکاریکردنی هەوڵەکانی بوژاندنەوەی پێشوەختە و ئاوەدانکردنەوە کراوە.
هەروەها جەخت لەسەر پاراستنی سەروەری، یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریا کراوەتەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی ئەمیندارێکی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سووریا لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١١، کە دوای ١٤ ساڵ لە شەڕ و ئاڵۆزی، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بە لادانی بەشار ئەسەد بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع کۆتایی هات.
لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گۆتێرس سەردانەکەی بە "پشتیوانی و هاوسۆزی" وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا لەگەڵ گەلی سووریایە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستبەرداری هاوکاریکردنی سووریا نەبن.
ئەم سەردانەی ئەمیندارى گشتی لە کاتێکدایە کە حکومەتەکەی شەرع ڕووبەڕووی ئاڵۆزی و توندوتیژیی تایفی بوەتەوە دژی کەمینەکانی وڵاتەکە لەوانە کورد، دروز و عەلەوییەکان، کە تێیدا ڕەخنەی زۆریان لێگیراوە لە ئاست پاراستنی مافی کەمینەکاندا.
لە پەراوێزی سەردانەکەیدا، گۆتێرس کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەگەڵ وەزیرانی حکومەتی سووریا، پارێزگاری بنکەی ناوەندی و نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدا، هەروەها سەردانی مزگەوتی ئومەوی و گەڕەکە کۆنەکانی دیمەشقی کرد.