ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبەکەی، داوایەکی فەرمی ئاراستەی نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردەکانی وەک مەزڵwوم عەبدی و ئێلهام ئەحمەد دەبێت بانگهێشتی وڵاتەکە بکرین.
دۆغان لە گوتەکانیدا پرسی کە بۆچی ئێلهام ئەحمەد، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێت وەک ئەندامێکی پەرلەمانی سوریا دەركەوێت، لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بانگهێشت نەکرێت و پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵیدا پەرە پێ نەدرێت؟
سەبارەت بە هەنگاوەکانی ناوخۆی وڵات و ئامادەکارییە یاساییەکان، گوتەبێژی دەم پارتی ڕەخنەی لە سنوورداربوونی لیژنەکان لە چوارچێوەیەکی تەسکی بوروکراتیدا گرت و داوای کرد کە کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوەکان و کەسانی شارەزا بەشدار بن بۆ ئەوەی پرۆسەکە زیاتر کۆمەڵایەتی بێت.
هاوکات لەبارەی پێگەی عەوڵا ئۆجالانەوە، پارتەکە دووپاتی کردەوە که بۆ بەدیهێنانی هاوپەیمانیی مێژوویی کورد و تورک و سەرخستنی ئاشتی، پێویستە مەرج و دەرفەتی پێویست بۆ ناوبراو دابین بکرێت تا بتوانێت ئەرکە مێژووییەکانی خۆی بەجێ بگەیەنێت.
لە کۆتایی گوتەکانیدا، سەبارەت بە دەنگۆ و زانیارییە دزەپێکراوەکان، دۆغان جەختی کردەوە که بۆ ڕێگری لە هەرجۆرە هەواڵێکی ساختە، پێویستە ڕۆژنامەنووسان بتوانن بە ئازادی لەگەڵ ئیمراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کۆببنەوە و ڕاستەقینەی ڕووداوەکان بخەنە ڕوو.