ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، کەڵی سەربازیی پەکەکە، لە درێژەی ڕاگەیاندنی زانیاری لەسەر ئەندامە گیانبازەکانی، ناسنامەی ١٥ ئەندامی تری بڵاو کردەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەشی «شەهیدان»ی ماڵپەڕی هەپەگەدا بڵاو کراونەتەوە، ناوی حەقیقی، کۆدناو، شوێنی لەدایکبوون، کات و شوێنی گیانلەدەستدان و کورتەی ژیاننامەی ئەو ١٥ ئەندامە خستووەتە ڕوو.
لەناو لیستەکەدا، دیارترین ناوانە بریتین لە «سۆزدار سەرهێڵدان» بەناوی ڕاستەقینەی (گێرین تاش)، کە لە ساڵی ١٩٩٠دا لە تەمەنی منداڵیدا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی پەکەکەوە کردبوو و پاش ٣٠ ساڵ تێکۆشان لە هێرشێکدا گیانی لە دەست داوە.
پێشتر هەپەگە لە راگەیەنراوی جیاوازدا ناسنامەی چەندین ئەندامی تری بڵاوکردبووەوە کە خەڵکی شارەکانی ئامەد، وان، جۆلەمێرگ، مێردین و جەزیرە بوون.