لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاری پێویست بۆ گەڕاندنەوەی ٣٣ گەنجی بێسەروشوێنبوو لە وڵاتی لیبیا تەواو کرا و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگەنەوە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی ئەم هاونیشتمانیانە گەیشت، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپێردران بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنیان.
گەنجەکان لە ماوەی ڕابردوودا تووشی بارودۆخێکی سەخت بووبوون و هەندێکیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و رووبەڕووی مەترسیی مردن بووبوونەوە.
حکومەتی هەرێم جارێکی تر هۆشداریی دایە گەنجان و خانەوادەکانیان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و ڕای گەیاند کە تاوەکو ئێستا توانیویەتی ٣٠٢ کۆچبەری لە بارودۆخی جیاوازدا رزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە.