سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣٩٩ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هێشتا پەرلەمان داخراوە و لایەنە سەرەکییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەمەش هەرێمی خستووەتە دۆخێکی قووڵی چەقبەستوویی سیاسییەوە.
لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا، هاوڵاتییان و لایەنە سیاسییەکان بە هیوای خاڵێکی وەچەرخان سەیری پرۆسەکەیان دەکرد، بەڵام دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، هۆڵی پەرلەمان داخرا و حکومەتی هەرێم لە دۆخی کاربەڕێکەردا ماوەتەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی پێگەی قەوارەی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و جیهان.
زیادبوونی ناکۆکییە حزبییەکان و سەرهەڵدانی دوو ئیدارەیی
پەکخستنی دامەزراوەکان: پەرلەمانتاران دوای سوێندخواردن نەچوونەتەوە نێو هۆڵی پەرلەمان و هیچ ئاماژەیەک بۆ کاراکردنەوەی دیار نییە.
پەککەوتنی کۆبوونەوەکان: نزیکەی ساڵێکە پارتی و یەکێتی هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمییان نەکردووە و هەوڵەکان تەنها لە ئاستی بانگەشەدا ماونەتەوە.
دوو ئیدارەیی: ناکۆکییەکان سیمای دوو ئیدارەیی لە هەرێم زەقتر کردووەتەوە، بە جۆرێک کە بە گوێرەی لایەنەکان، هاتووچۆ و هەناردەکردنی پێداویستییەکان، بەتایبەت دەرمان، لە نێوان هەولێر و سلێمانی زۆر سەخت بووە.
سەرەڕای ئەوەی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەکرا ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام ڕێکنەکەوتنی هێزە سیاسییەکان بووەتە هۆی ئەوەی دامەزراوە فەرمییەکان متمانەی خۆیان لەدەست بدەن و نیگەرانیی قووڵی هاوڵاتییانی لێ بکەوێتەوە.