لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی توند ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "نووچە تیڤی" ڕایگەیاند، بەبێ هەبوونی ڕێککەوتنێکی ڕوون و پێشوەختە لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستان هیچ مانایەکی نابێت و ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.
لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا وەک جاران تەماشای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، لە کاتێکدا کە دۆخەکە گۆڕاوە، ئێستا دەنگ، ژمارەی کورسییەکان و هێزی سیاسیی ئێمە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە".
لەتیف نێروەیی جەختی لەوە کردەوە، ناكرێت هاوسەنگی هێزی ڕابردوو بسەپێنرێنەوە و ڕایگەیاند: "زۆر گرنگە پارتی تێگەیشتنی تەواو و واقیعیی بۆ ئەم دۆخە نوێیەی ئێستای یەکێتی هەبێت و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ شێوازی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا بکات".
ئەم لێدوانە توندەی سەرکردایەتیی یەکێتی لە کاتێکدا دێت کە حزبەکە پێشتر لە ڕێگەی سەرۆکەکەیەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە دوای هێرشەکانی سەر جبەخانەی تاسڵوجە و درۆنەکانی هەولێر، جەختی لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی سەروەریی خاک کردبووەوە. بەڵام لە ڕووی ناوخۆیی و پشکی حوکمڕانییەوە، یەکێتی دەیەوێت سەرکەوتنە هەڵبژاردنی و سیاسییەکانی خۆی وەک کارتێکی گوشار بەکاربهێنێت.