عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باڵا لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی، کۆتایی بە سەردانە فەرمییەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێنا و بەرەو بەغدا بەڕێ کەوت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، وێڕای ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی گەشتەکەی بۆ واشنتن، سوپاسی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە خۆی و شاندی یاوەری کراوە.
عەلی زەیدی لەبارەی دەرئەنجامەکانی ئەم سەردانە مێژووییەوە ڕایگەیاند: "ئەو ڕێککەوتنانەی لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا واژۆکران، دەبنە بنەمایەکی پتەو بۆ بنیاتنانی قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا. ئەم هاوبەشییە لەس".
سەرۆکوەزیران جەختی لەوەش کردەوە، حکومەتەکەی بە تەواوی جدییە لەسەر پەرەپێدانی هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ واشنتن و دروستکردنی متمانەی قووڵی هاوبەش بۆ ئاینده، ئەمەش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە نێوان هەردوولادا کراون.
عەلی زەیدی لە ڕۆژی 13ی تەممووزی ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق گەیشتە واشنتن. لە ماوەی مانەوەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و گەورە بەرپرسانی ئیدارەی واشنتن کۆبووەوە.
سەردانەکە تەنها ڕەهەندی سیاسی لە خۆ نەگرت، بەڵکو شاندی عێراق چەندین ڕێککەوتنی هاوبەشی گرنگی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئابووریدا لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی ئەمریکا واژۆ کرد، کە چاوەڕوان دەکرێت ببنە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی عێراق.