وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی هاوپەیمانیی کۆمپانیا وەبەرهێنەرە جیهانییەکان (شیفرۆن، ئای تی کاپیتال، و یو سی سی) کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشنیازەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دەستنیشانکراوی بۆریی نەوتی بەسرە-حەدیسە و کەرکوک-بانیاس.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئابی 2026 لە نێوان نەسیر عەزیز، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و نوێنەرانی ئەو هاوپەیمانییە بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا وردەکاریی تەکنیکی و ئابووریی پڕۆژەکە و پێویستییەکانی قۆناخی جێبەجێکردن گفتوگۆی لەسەر کرا، بە مەبەستی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی ڕوون لەسەر بنەمای زانستی و ئابووریی گونجاو.
پڕۆژەکە بریتییە لە ڕاکێشانی بۆریی سەرەکیی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی بەسرەوە بۆ شاری حەدیسە لە پارێزگای ئەنبار، و بەستنەوەی بە کێڵگەکانی کەرکووکەوە، تاوەکو لەوێوە بگەیێندرێتە بەندەری بانیاسی سووریا.
بریکاری وەزارەتی نەوت جەختی لەسەر گرنگیی ستراتیژیی ئەم پڕۆژەیە کردەوە بۆ ئاسانکاری و فرەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت. ئەم هەنگاوەی بەغدا لە کاتێکدایە کە بەهۆی جەنگی 28ی شوباتی ئەمساڵ و ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمزەوە، ئاستەنگی گەورە لە بەرامبەر هاتووچۆی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لەو ناوچەیەدا دروستبووە.