هادی عامری، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی بەدر لە مەراسیمی یادی محەمەد باقر حەکیم دڵنیایی دا، کە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەنێوان حکومەت و بەرەی مقاوەمەدا دروست نابێت، هاوکات ڕێکخستنی چەکی بە ئەرکێکی نیشتمانی و دەستووری ناودێر کرد.
عامری ئاماژەی بەوە کرد، جەنگی دژی گەندەڵی بڕیارێکی کۆدەنگیی ناو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە و جەختی لە پشتیوانیی تەواو بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران کردەوە بە مەبەستی پاککردنەوەی دامەزراوەکان لە گەندەڵکاران.
ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر ڕوونی کردەوە، کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنی چەک لە ناو دامەزراوە فەرمییەکاندا بنەمای بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێزە بۆ پاراستنی ئاسایش، سەروەری و کەرامەتی وڵات. هەروەها جەختی کردەوە، ئەم بڕیارە هەنگاوێکی تەواو عێراقییە و بۆ پاراستنی شکۆی وڵاتە و هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنی دەرەکییەوە نییە.