نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئهنجومهنی وهزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بەدرۆ خستەوە، کە لە 23ی ئەم مانگەدا بڵاوی کردبووەوە، گوایە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەبەستی نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن سەردانی ئێرانی کردووە.
حكومەتی عێراق جەختی کردەوە، کە ئەم دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی دروستیان نییە. نووسینگەی سەرۆکوەزیران داوای لە دەزگا میدیاییەکان کرد، کە بۆ وەرگرتنی هەر هەواڵ و زانیارییەک پشت بە سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق ببەستن و لە بڵاوکردنەوەی زانیاری سەرچاوە نادیارەکان بەدوور بگرن.
ئەمە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ بووەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم سەردانەدا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش سەرجەم ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە، کە ئاماژەیان بە هەوڵی نێوەندگیریی عێراق لە نێوان تاران و واشنتندا دەکرد.