سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی عێراق بۆ ماڵپەری "حورە" یان ئاشکرا کرد، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورەی دارایی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بەنیازە چوار باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە دەرەوە دابخات، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ چەندین مانگ مووچەی فەرمانبەران و کرێی بینای نێردە دیپلۆماسییەکان کەڵەکە بوون و نەدراون.
ئەم بڕیارانەی بەغدا لە کاتێکدایە کە گوشارە داراییەکان بۆ سەر خەزێنەی دەوڵەت بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرجاو زیادیان کردووە. ئەم ڕەوشە بووەتە هۆی پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق کە سەرچاوەی 90٪ی داهاتی بودجەی گشتیی وڵاتەکەیە.
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی ڕۆیتهرز، عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە مانگی نیساندا تەنها نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، لە کاتێکدا پێش هەڵگیرسانی جەنگ مانگانە دەوروبەری 93 ملیۆن بەرمیلی لەو ڕێڕەوەوە هەناردە دەکرد. هەروەها ڕۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندرەکانی بەسڕەوە هەناردەی دەرەوەی دەکرد، ئەمەش وایکردووە عێراق یەکێک بێت لە زەرەرمەندترین وڵاتانی کەنداو لە بەهۆی وەستانی هاتوچۆی کەشتییەکانەوە لە گەرووەکەدا.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی داڕشتنەوەی پێگەی نێردە دیپلۆماسییەکان بەپێی گرنگی و تێچووی کارکردنیان دەستی پێکردووە. سەرەڕای داخستنی باڵیۆزخانەکان، بڕیار دراوە بلیتی سەفەری ساڵانە و بیمەی تەندروستی بۆ کارمەندە دیپلۆماسییەکان ڕابگیرێت و دەبێت خۆیان تێچووەکەی لە ئەستۆ بگرن.
زیاتر لەوەش، زۆربەی نێردە دیپلۆماسییەکان نزیکەی 4 مانگە کرێی باڵەخانەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمانبەرانیان نەداوە، هاوکات مووچەی فەرمانبەرانیش دواکەوتووە.
ئەم قەیرانە دیپلۆماسییە بەشێکە لە ئاڵۆزییەکی دارایی گەورەتر لە ناوخۆی عێراق. لە کۆتایی تەمموزی ڕابردوودا، فالح ساری وەزیری دارایی عێراق هۆشداری دابوو لە بوونی ڕێگری ڕاستەقینە لە دابینکردنی سیولەی نەقدی بۆ سەرفکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی توندی داهاتە گشتییەکان.
تەقینەوەی قەیرانەکە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت و پەسەند نەکردنی بودجەی ساڵی 2026، حکومەتی ڕاسپێردراوی عێراقی ناچار کردووە پەنا بۆ بەکارهێنانی یەدەگی نەقدی ببات تا مووچە و خەرجییە سەرەکییەکان دابین بکات، لە کاتێکدا وڵات بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی بڕیاردان بۆ قەرزکردن دەناڵێنێت و، ئەوەشی خەرجدەکرێت لەسەر بنەمای "خەرجکردنی کاتی" بەڕێوە دەچێت.