لە ئەنجامی پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی و دوای پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا، پەروین بوڵدان و مەدحەت سەنجار ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵی، ئەمڕۆ کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی باشتەپە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە.
میدیاکانی نزیک لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، ئاماژەیان بەوە کردووە، بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە لەم کاتەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، لەبەر ئەوەی ڕاستەوخۆ دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" لە پەرلەمانی تورکیا دێت.
میدیاکانی تورکیا دەڵێن، کۆبوونەوەکە گرنگە و لە دانیشتنەکەشدا هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی پێشکەوتنی پرۆسەکە، هەنگاوەکانی دوای دەرچوونی یاساکە، دیاریکردنی نەخشەڕێگا و خشتەی کارکردنی قۆناغی داهاتوو دەکرێت.