دوای کۆتاییهاتنی پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی دەم پارتی، پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، ڕایگەیاند کە پارتەکەیان دەچێتە قۆناغێکی نوێی ئاواکردنەوە و لە چەند مانگی داهاتوودا "بزووتنەوەی کۆماری دیموکراتیک" دادەمەزرێنن بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە تورکیا.
لە لێدوانەکانیدا، بوڵدان جەختی لەوە کردەوە کە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی بەردەوام، خەباتێکی گەورە ئەنجام دەدەن. هاوکات تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم، ئاماژەی بەوە دا کە بناغە و تۆوی ئەم بزووتنەوەیە ئێستا چێندراوە.
سەبارەت بە گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتووش، ڕۆژنامەنوس سەدات بۆزکورت ئیدیعای کردووە کە پارتی دەم لە کۆنگرەی مانگی ئاداری ٢٠٢٧دا ناو و بەرنامەکەی دەگۆڕێت و دەبێتە "پارتی کۆماری دیموکراتیک".
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم بەرنامە نوێیە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە ئامادەکراوە و چاوەڕوان دەکرێت کەسایەتییەکانی وەک عوسمان بای دەمیر و چەند کەسێکی دیکە لە دەرەوەی وڵات و زیندانەکانەوە ڕۆڵی سەرەکی لە سەرکردایەتییە نوێیەکەدا بگێڕن.