پارتی ئایندە، کە لەلایەن ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیاوە دامەزرابوو، دوای حەوت ساڵ لە دامەزراندنی، لە کۆنگرەیەکی نائاساییدا لە شاری ئەنقەرە بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی و کۆتاییهێنان بە تەواوی چالاکییە سیاسییەکانی ڕاگەیاند.
ڕۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026، پارتەکە بە بەشداریی ئەندامانی حزبەکە لە کۆنگرەکەیەکدا لە ئەنقەرە و لە ئەنجامی دەنگداندا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درا.
لە ڕاگەیێندراوی پارتەکەدا دەربارەی هۆکاری ئەم بڕیارە هاتووە: "لەو ڕۆژەی پارتەکەمان دامەزراندووە، سیاسەتمان وەک گەڕان بەدوای پلە و پۆستدا نەبینیوە، بەڵکو وەک بەرپرسیاریێتییەک بەرامبەر بە گەلەکەمان بینیومانە. بۆ ئەوەی نەبینە بەشێک لەو کەشوهەوا سیاسییە پیسەی کە تورکیای تێدایە و بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانمان، بڕیارماندا کۆتایی بە چالاکییە سیاسییەکانمان بهێنین".
ئەم بڕیارەی پارتی ئایندە دوای ئەوە هات، لە 29ـی تەممووزی 2026دا، ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتەکە دەستبەرداربوونی خۆی لە سیاسەت و بڕیاری هەڵوەشانەوەی پارتەکەی ئاشکرا کردبوو.
پارتی ئایندە لە 12ـی کانوونی دووەمی 2019 دامەزرا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی 2023 لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی میللەت 10 کورسیی بەدەستهێنا و دواتر لەگەڵ پارتی سەعادەت فراکسیۆنی ڕێگەی نوێیان بە 20 پەرلەمانتارەوە پێکهێنا.