دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە ئاماری هێرشەکانی سەر دوو فڕۆکەخانەی سەرەکیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، بەهۆی بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەکانی ریاز و ئەبهاوە، سێ کەس گیانیان لە دەست داوە و 36 کەسی تریش بریندار بوون.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەکە، لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها، دوو ژنی دانیشتووی سعودیە بە نەتەوەکانی مەغریبی و جەزائیری گیانیان لە دەست داوە و 28 کەسی تریش بریندار بوون و هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالیدیش لە ریاز بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی سودانی و برینداربوونی هەشت کەسی تر.
دەستەی فڕۆکەوانیی سعودیە جەختیشی کردەوە، تەواوی بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر و زیانی مادییش بەر بەشێک لە ناوەندەکان کەوتووە و تیمەکانی فریاگوزاری و دەزگا ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا کار لەسەر هەڵسەنگاندنی زیانەکان و پاراستنی ئاسایشی گەشتیاران و کارمەندانی فڕۆکەوانی دەکەن.