بۆمبێکی چێنراو لەسەر ڕێگەی مەعرونە – ئەلتەل لە گوندەواری دیمەشق بە پاسێکی گواستنەوەی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سوریادا تەقییەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ئەندامانی ئاسایش بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئاسایش بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) ڕایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ وردەکارییەکانی ڕووداوەکە دەکەن و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە بەردەوامن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، پاسە بەئامانجگیراوەکە تایبەت بووە بە گواستنەوەی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دەوامی فەرمی یان لە کاتی تەواوبوونی دەوامیاندا بۆ ماڵەکانیان یان بارەگاکانی کارکردنیان.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، تاوەکو ئەم ساتە لایەنە فەرمی و میدیاییەکانی وریا ئامارێکی وردیان لەسەر ژمارەی بریندارەکان یان بارودۆخی تەندروستییان ڕانەگەیاندووە، هەروەها بەرپرسیارێتیی هیچ لایەنێکیشیان بۆ تەقینەوەکە دەستنیشان نەکردووە.