وەزارەتی پەروەردەی سوریا لە ڕاگەیاندراوێکدا دەرفەتی دامەزراندنی بۆ مامۆستایانی زمانی کوردی لە خوێندنگەکاندا ڕاگەیاند. بە گوێرەی ڕاگیاندراوەکە، دامەزراندنەکە دامەرزاو و دانەمزراو دەگرێتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی سوریا، پێویستە پێشکەشکار خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم یان بەکالۆریۆس بێت. (دەرچووانی ئامادەیی گشتی لە حاڵەتی زانینی زمانی کوردیدا وەک یەدەگ وەردەگیرێن). هەروەها بوونی شارەزایی تەواو لە نووسین و ئاخاوتنی زمانی کوردی مەرجێکی دیکەیە. ئاماژە بەوەش کراوە، تاقیکردنەوەی نووسین و زارەکی بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی زمانەوانیی پێشکەشکاران ئەنجام دەدرێت.
وەزارتی پەروەردەی سوریا جەختی لەوەش کردووەتەوە، پێشکەشکردن لە ڕێگەی فۆرمی ئۆنڵاینەوە دەبێت. دوای پێداچوونەوە و وردبینی لە زانیارییەکان، وەزارەتی پەروەردە پەیوەندی بەو کەسانەوە دەکات، کە مەرجەکانیان تێدایە تاوەکو بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا بکەن.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە دوای ئەوە دێت، لە 16ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کاتی سوریا مەرسوومێکی کۆماریی تایبەت بە کورد واژۆ کرد. لە ماددەی سێیەمی مەرسوومەکەدا بە ڕوونی دان بە زمانی کوردیدا نراوە و وەک زمانی نیشتمانی دیاری کراوە، هەروەها ڕێگەدراوە لەو ناوچانەی زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن خوێندن بە زمانی کوردی بێت.