محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن شاندێک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا.
ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و بەغدا و تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەیە. بڕیارە لە میانی ئامادەبوونی لە بەغدا، قالیباف زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و سەرکردە باڵاکانی دیکەی وڵاتەکە ئەنجام بدات.
لە میانی ئەم کۆبوونەوانەدا، جەخت لەسەر فراوانکردنی هەماهەنگییە پەرلەمانییەکان، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ دەکرێتەوە.