ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند کە عێراق و ئەرکانی ناتۆ لە عێراق (NMI) لەسەر کردنەوەی ئۆفیسێکی نوێی هاوپەیمانییەکە لە بەغدا ڕێککەوتن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەرکە ڕاوێژکارییەکانی ناتۆ بۆ پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامن.
ئەم ڕێککەوتنە لە ڕێگەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لە نێوان قاسم ئەلعەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، و ڕامۆن ئارماندا، فەرماندەی ئەرکانی ناتۆ لە عێراق، ئەنجام درا؛
تیایدا هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی ڕاوێژ، ڕاهێنانی سەربازی و شارەزایی بۆ سوپای عێراق کردەوە.
جێگەی باسە لە مانگی ئازاردا، ناتۆ بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و دووبارە بوونەوەی هێرشی درۆنیی سەر بنکەی ڤیکتۆری لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، کارمەندەکانی بۆ ئەورووپا گواستبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەی نێوان هەردوولاشدا، هاوکات تاوتوێی ڕێگاکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی گفتوگۆ و کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە کرا.