نێچیرڤان بارزانی : جینۆسایدی ئێزدییان برینێکی کراوەی گەلی کوردستانە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی یادی ١٢ ساڵەی کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییانی ئێزدییەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "تاوانی جینۆسایدی ئێزدییان و ڕگاندنی کچ و ژنانان، برینێکی کراوەی دڵ و دەروونی گەلی کوردستانە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکات ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شنگال بگێڕێتەوە، ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە جێبەجێ بکات.
هەروەها شنگال بکاتە پارێزگا و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی ئێزدی کە "تا تاکە ڕفێنراوێک مابێت، تیمی نووسینگەکەمان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ ڕزگارکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسیان،"
ئاماژە بەوەش دەکات هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ ناساندنی تاوانەکانی داعش وەک جینۆساید بەردەوام دەبن.
مەسعود بارزانی: جینۆسایدی ئێزدییان درێژکراوەی ئەو تاوانانەیە کە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون
مەسعود بارزانی بە بۆنەی یادی ١٢ ساڵەی کۆمەڵکوژیی شنگالەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش دوازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشک و برا ئێزیدییەکان ئەنجامی دا، ئازارێکە بۆ تاهەتایە لە یادی کوردستاندا دەمێنێتەوە و ئێزیدییەکان بەهۆی کوردبوون و ڕەسەنایەتییانەوە کەوتنە بەر شاڵاوی جینۆساید.
بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو تاوانە درێژکراوەی ئەو زنجیرە کارەسات و کۆمەڵکوژیانەیە کە بە درێژایی مێژوو دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، و سڵاوی بۆ گیانی شەهیدان و قارەمانانە نارد کە لەسەر چیای شنگال مانەوە و ڕێگەیان نەدا دەستی تیرۆریستان پێی بگات، هەروەها ستایشی ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانانی لە تێکشکاندنی داعشدا کرد.
لە پەیامەکەیدا، بارزانی دووپاتی کردەوە کە بە هەموو توانایەک پشتیوانیی خواست و داواکارییەکانی ئێزیدییەکان دەکات و داوای لێ کردن یەکڕیز بن؛
جەختیشی لەوە کردەوە کە دۆخی نائاساییی شنگال تا سەر نابێت و دەبێت ئێزیدییەکان بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و قەرەبوو بکرێنەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەنگاوەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال لە ئاستی ئەو زامە قوڵەی ئێزدییەکاندا نییە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بۆنەی یادی ١٢ ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە داگیرکردنی شنگال و کۆمەڵکوژیی خوشک و برا ئێزدییەکان زامێکی لەبیرنەکراوە و یادەوەریی قوربانییان بەرز ڕادەگرن.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاوەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەوروبەری و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان هێشتا لە ئاستی ئەو زامە قوڵەدا نییە، و هیوای خواست ئەم ساڵیادە ببێتە هاندەرێک بۆ یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان تاوەکو ئاوڕێکی جدیتر لە ناوچەکە و خەڵکەکەی بدرێتەوە.
لە پەیامەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام لە خەمی شنگالدایە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان پێکەوە کار بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ئەو تاوانە بکەن و ببنە هیوا بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی ناوچەکە.
مەسرور بارزانی: کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان هەمووانی ئازاردا و هێشتا زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ کەس بێسەروشوێنن
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە یادی دوازدەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییاندا ڕایگەیاند کە ئەو تاوانەی بەرامبەر خوشک و برا ئێزدییەکان کرا هەمووانی ئازاردا، و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هەموو پێکەوە هەوڵ بدەین تاوانی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ هاووڵاتیی ئێزدی بێسەروشوێنن، و لە بەرامبەردا ستایشی هەڵوێستی خەڵکی کوردستانی کرد کە لە ڕۆژە سەختەکاندا دەرگای ماڵەکانیان بەڕووی ئاوارە ئێزدییەکاندا کردەوە.