بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند تەوەرێکی گرنگ، بەە تایبەتیش پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانیی نێوان یەکێتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، حیزبەکەی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، هاوسەنگکردنەوەی هێز و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا.
گوتەبێژی یەکێتی جەختی کردەوە، یەکێتی بە تەواوەتی پابەندە بە هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ نەوەی نوێ و بۆ هەر دانیشتن و کۆبوونەوەیەک لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا، وەک یەک هاوپەیمانیی بەهێز بەشدار دەبێت.
لەبارەی پەیوەندییەکان و گفتوگۆکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کاروان گەزنەیی ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لە نێوان قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی ئەنجام دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت نەکراوە.