لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و بۆ یەکەمجار، بەشی بەبازاڕکردنی خۆراکی کشتوکاڵی لە کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سلێمانی کرایەوە و بۆ ئەمساڵی خوێندن 40 قوتابی وەر دەگرێت.
ئەم هەنگاوە لە پێناو ئامادەکردنی کادیری شارەزادایە بەگوێرەی خواستی بازاڕی کار و دوای ئەوە هات کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ دا و کردوویەتی بە کاری لەپێشینەی خۆی.
لەو بارەیەوە، دکتۆر کاوان سیروان، مامۆستا لەو بەشە نوێیەدا ڕاگەیاند، دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، جووتیارە نموونەیییەکان، ڕێکخراوەکان و خاوەن پڕۆژە و بزنسە گەورەکان، بڕیار لەسەر کردنەوەی بەشەکە دراوە تاوەکو کادیران بەپێی پێداویستیی راستەقینەی بازاڕ پەروەردە ببن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە کۆنمرەی 60% بۆ خوێندنی ئاسایی و 55% بۆ پارالێڵ وەردەگیرێن و نازناوی "ئەندازیاری کشتوکاڵی"یان پێ دەدرێت، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمهێنان و ڕوونکردنەوەی تەواوی زنجیرەی سیستەمی خۆراک لە "خاکەوە بۆ چەتاڵ".