لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری نیویۆرک، بەرپرسانی ئەمەریکا و سووریا زیاتر لە 36 پارچە شوێنەواری مێژووییان کە بەهایان لە 5 ملیۆن دۆلار زیاترە، ڕادەستی سووریا کردەوە؛ کە بەشێکیان لە شاری تادمور (پالمێرا) و ڤێلایەکی رۆمانیدا دزرابوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی داواکاری گشتیی مانهاتن، ئەو پارچە شوێنەوارانە پێکدێن لە تابلۆیەکی بەردینی گەورە کە لە شاری مێژوویی تادمور لە پارێزگای دێرەزوور لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا دزراوە، هەروەها 14 مۆزایک و پارچەی ناوازە کە لە ڤێلایەکی رۆمانی لە سووریا دزرابوون، و 13 پارچەش لە مۆزەخانەی مەتڕۆپۆلیتەن (مەت) دەست بەسەر دابوون.
ئالڤین براگ، داواکاری گشتیی مانهاتن، لە ڕێوڕەسمەکەدا رایگەیاند کە ئەوە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ئاڵۆز بووە و لە ڕێگەی هاوبەشیی نزیکی نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دراوه، و ڕێوڕەسمەکانی گەڕاندنەوە بیرخستنەوەیەکی بەهێزن بۆ ئەوەی کە پاراستنی کەلەپووری فەرهەنگی سنوور و نەتەوەکان تێدەپەڕێنێت.
لە لای خۆیەوە، محەممەد قەنەتری، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی سووریا لە واشنتن، پێشوازی لە گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارییەکان کرد و بە دەستکەوتێکی وسف کرد کە ڕەنگدانەوەی ڕێزی هاوبەش و پابەندبوونە بە پاراستنی کەلەپووری فەرهەنگيیەوە.
جێگەی باسە، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆیی سووریادا، بڕێکی زۆر لە شوێنەوار و کەلەپووری ئەو وڵاتە دزران و قاچاخچییەکان و گرووپە چەکدارەکان لە سەرووی هەموویانەوە داعش، بازرگانییان پێوە کرد.
ئەم هەنگاوەی ئەمەریکاش لە دوای ئەوە دێت کە لە مانگی تەممووزیشدا فەرەنسا 23 پارچە شوێنەواری سووریای گەڕاندەوە کە بۆ ماوەی 15 ساڵ لە پاریس پارێزرابوون.