ڕاستەوخۆ

ئەڵمانیا میوانداریی حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ دەکات

reset font size increase font size

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ، بۆ ئەمساڵ ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیکردن لە سینەما دۆستان لە هۆڵی سینەمای (Schöneberg Filmpalast) لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا.

جەنگۆ شەریف، ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە گرنگییەکی یەکجار زۆری پێدراوە و پێشوازییەکی بەربڵاوی لێکراوە؛

بە جۆرێک لە 102 وڵاتی جیاوازی جیهانەوە، 913 فیلم بۆ بەشداریکردن پێشکەش کراون. دوای هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان، 75 فیلم بۆ بەشی پێشبڕکێی فەرمی هەڵبژێردراون و لەو نێوەندەشدا 35 فیلم لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا لەسەر شاشەی سینەماکان نمایش دەکرێن.

ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بە گۆڕانکاریی سەرەکیی ئەم خولە کرد لە ڕووی بەشداریی وڵاتانەوە و گوتی: لە ماوەی شەش خولی ڕابردوودا، ئێران لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا بوو کە زۆرترین فیلمیان دەنارد، بەڵام ئەمساڵ ڕێژەی بەشدارییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە.

لە بەرامبەردا ئەڵمانیا هاتووەتە پلەی یەکەم و زۆرترین بەرهەمی پێشکەش کردووە، لە دوای ئەویش وڵاتانی فەرەنسا و هیندستان دێن.

بڕیارە حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ لە 4ی ئەیلوولی 2026 دەستپێبکات و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت. لە مەراسیمی کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا، لە 8 بەشی جیاوازدا خەڵات بەسەر براوەکاندا دابەش دەکرێت کە بریتین لە:

 باشترین فیلمی کوردی، باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری (بەڵگەفیلم)، باشترین فیلمی ئەنیمەیشن، باشترین فیلمی نێودەوڵەتی، باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین ئەکتەری ژن، باشترین سیناریۆ و باشترین وێنەگرتنی سینەمایی.

ساڵی ڕابردوو شەشەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە لە شاری بۆخومی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرا و زیاتر لە 1100 فیلم لە 127 وڵاتەوە پێشکەش کران، لەو نێوەندەشدا 29 فیلم گەیشتنە قۆناغی کۆتایی.

 فێستیڤاڵەکە ژمارەیەکی زۆر لە سینەماکارانی هەرێمی کوردستان و جیهان کۆدەکاتەوە و ئامانجی سەرەکیی، ناساندنی سینەمای کوردییە بە جیهان و پاراستنی بیرەوەریی کولتوورییە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.