دادگەی نێودەوڵەتیی ناوبژیوانی لە پاریس، تانەکەی حکومەتی تورکیای لە دژی بڕیارێکی پێشووی دادگاکە ڕەتکردەوە، کە تێیدا ئەنقەرە پابەند دەکات بە پێدانی یەک ملیار و 471 ملیۆن دۆلار بە عێراق وەک قەرەبوو لە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی (ئاڕ تی ڕووسیا) کە پشتی بە ڕۆژنامەی (زەمان)ی تورکی بەستووە، دەنیز یاڤوز یڵماز، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (CHP) لە هەژماری خۆی ڕایگەیاندووە، حکومەتی تورکیا هەوڵێکی زۆری دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایە، بەڵام حکومەتەکەی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) لەم دۆسیەیەدا تووشی شکست بوو.
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکەی دادگەی پاریس، دەبێت ئەنقەرە پابەند بێت بە بڕیارەکەی پێشوو و ئەو قەرەبووە داراییە ڕادەستی بەغدا بکات.
دۆسیەکە بۆ بڕیارێکی ڕۆژی 13ی شوباتی 2023ی دادگەی نێودەوڵەتیی پاریس دەگەڕێتەوە، کە لەسەر سکاڵایەکی یاسایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق دژی تورکیا درابوو.
دادگاکە ئەنقەرەی سەرپێچیکار ناساند، چونکە لە ماوەی نێوان ئایاری 2014 تاوەکو ئەیلوولی 2018، بەبێ ڕەزامەندیی فەرمیی بەغدا ڕێگەی دابوو نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جەیھانی تورکی بکرێت و بە نرخێکی کەمتر لە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت.