شاندێکی باڵای کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، لە یەکەم گەشتی فەرمیی دەرەوەی خۆیدا بەرەو واشنتن بەڕێکەوت، بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و لە سەرووشیانەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
ئەم سەردانە وەک نەخشەڕێگا و کارنامەی کابینە نوێیەکەی عەلی زەیدی تەماشا دەکرێت، دۆسیەی هەستیاری وەک کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و پرسی دارایی و دۆلاری لەخۆگرتووە.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێش گەیشتنی بە واشنتن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" ڕایگەیاند، فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و تەکنۆلۆژییەکان لەنێوان بەغداد و واشنتندا، بەشێکی سەرەکی و گرنگی گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پێکدەهێنێت. چاوەڕوان دەکرێت لەم سەردانەدا چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری وەبەرهێنانی کۆمپانیا بیانییەکان و ڕێکخستنی خەرجکردنی دۆلار واژۆ بکرێن.
ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت"یش ئاماژەی بەوە کردووە، سەردانەکەی علی زەیدی پەیامێکی ڕوونی بەغدادە بۆ دەرەوە، بەوەی عێراق دەیەوێت لە ڕووی ئابووری و ئاسایشەوە بەڕووی ڕۆژئاوادا بکرێتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و دەوڵەتی قووڵ لە وڵاتەکەدا بهێنێت.
پێش بەڕێکەوتنی شاندەکە بۆ ئەمریکا، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەڕێوەچوو، بە وردی تاوتوێی ئەو دۆسیە و بابەتە ستراتیژییانە کرا، کە بڕیارە عەلی زەیدی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی باسیان بکات، ئەمەش بۆ پیشاندانی جۆرێک لە کۆدەنگیی لایەنە عێراقییەکان لەسەر ناوەڕۆکی سەردانەکە.
یەکێک لە هەرە دۆسیە ئاڵۆزەکانی بەردەم سەرۆکوەزیران، دۆزینەوەی میکانیزمێکە بۆ داماڵینی چەک لە گرو پە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی بڕیاری جەنگ و ئاشتی بۆ ژێر دەسەڵاتی شەرعیی دەوڵەت. واشنتن ئەم بابەتە وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی و پاراستنی سەقامگیری دەبینێت، بەڵام ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی توندی ناوخۆیی لێکەوتووەتەوە.
ڕۆژی هەینی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیش لە عێراق ڕاگەیەندراوێکی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: "چەکەکانمان بژاردەیەک نەبووە بۆ سازشکردن، بەڵکو عەقیدە و ئەمانەتێکی ئایینییە لەسەر شانمان و پەرەی پێدەدەین". مقاوەمە جەختی کردووەتەوە، کە ئەوان پابەندن بە ڕێبازی خۆیان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق و ناوچەکە و هیچ بڕیارێک ساردیان ناکاتەوە.