بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "حورە"ی ئەمریکی، تاران لە هەوڵێکدا بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تۆڕی بەرگریی ئاسمانیی خۆی دوای جەنگە 40 ڕۆژەی لەگەڵ واشنتۆن و تەلئەبیب، سەدان مووشەکی بەرگریی پێشکەوتووی لە چین و ڕووسیاوە بەدەستگەیشتووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای سەردانەکەی عەباس عێراقچی بۆ پەکین لە مانگی ئایاری ڕابردوو، لە ناوەڕاستی حوزەیراندا گرێبەستێک ئیمزا کراوە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، تاران 400 مووشەکی لە جۆری QW-12 و FN-16ی چینی لە ڕێگەی 4 گەشتی ئاسمانییەوە وەرگرتووە.
هاوکات لە لایەکی دیکەوە، تاران 300 مووشەکیی ڕووسی لە جۆری (9K333 Verba) لە ڕێگەی دەریای قەزوینەوە بە 5 بارهەڵگری بچووک بەدەستگەیشتووە.
سەرچاوەکانی ئەو ڕۆژنمەیە ئاشکرایان کردووە کە ئەم مووشەکانە لە دەوروبەری تاران، کرماشان، ئەسفەهان، مەشهەد، بەندەر عەباس و ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانراون.
هەروەها لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەشێک لەم سیستمە ڕەوانەی گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران لە ناو عێراق کراون.
ئەم ڕێکارانەی تاران دوای ئەوە دێن کە جەنەڕاڵ ئێیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، لە جەنگەکەی پێشوودا ٪80ی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان تێکشکاندووە.
هەرچەندە ئاگربەستی کاتی لەنێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و تاراندا ڕاگەیاندراوە بەڵام هیچ یەکێک لەو وڵاتانە پابەندی خاڵەکانی ئاگربەستەکە نین و ماوە ماوە هێرش دەکەنە سەر یەک و هەر لایەکیان ئەوی دی تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی ئاگربەست و گرنگترین خاڵی ناکۆکی نێوان تاران و واشنتۆن بریتییە لە هەژموونی سوپای پاسداران بەسەر گەرووی هورمز و بوونی چەکی ئەتۆمی.