بەهۆی کورتهێنان و نەبوونی پارەی کاشەوە، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوا کەوتووە و بە سستی بەڕێوە دەچێت. وەزارەتی دارایی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە کێشەی کەمبوونەوەی داهات و پارەی کاشیان هەیە.
پێش ئەم قەیرانە، دابەشکردنی مووچە لە عێراق لە ٢٠ی مانگەوە دەست پێ کرد و تا کۆتایی مانگ کۆتایی دەهات، بەڵام بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران و دابەزینی داهاتی نەوت بۆ ٢ تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار، ماوەی دوو مانگە پرۆچەی دابەشکردنی مووچە ڕووبەڕووی کۆسپ بووەتەوە و هەر کاتێک بڕە پارەیەک کۆ دەبێتەوە، مووچەی یەک یان چەند وەزارەتێک دابەش دەکرێت.
ئەم دۆخەش هەفتەی ڕابردوو نارەزایی و خۆپیشاندانی بەشێک لە فەرمانبەرانی لە بەغداد لێ کەوتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە یان سێشەممە لە بەغداد کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت بێت، و دوای ئەوەش بەپێی کۆکردنەوەی داهات و پارەی کاش، دەست دەکرێت بە ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.
ئاماژە بەوەش کراوە کە عێراق لە سەدا ٩٠ی بودجەکەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، و بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و کێشە داراییەکانەوە، دابەشکردنی مووچە بە زەحمەت بەڕێوە دەچێت.