لە کاتێکدا زۆربەی وەزارەت و دامودەزگا فیدراڵییەکانی عێراق مووچەی مانگی تەممووزیان وەرگرتووە، پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بووەتە جێی باسی ناوەندە داراییەکان.
عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەندێک گرفتی تەکنیکی تێکەوتووە و جەختی کردەوە، دوای کۆتاییهاتنی تەواوەتیی وردبینییەکە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مووچەکە خەرج دەکرێت. لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا مووچەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێشتا هیچ تێبینییەکی فەرمییان لە بەغداوە پێنەگەیشتووە. بە گوێرەی گوتەی سەرچاوەکە، لە 22ی مانگی ڕابردووەوە لیستی مووچەی مانگی تەمووز ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە و تیمە هونەرییەکانیان لە بەغدا ئامادە بوون، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ داواکاری یان تێبینییەکی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نەکراوە.