خەواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایگەیاند، ئیسرائیل هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ و جدییە بۆ سەر تەواوی جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی ناوچەکە، لەو چوارچێوەیەشدا داوای دروستکردنی بەرەیەکی سەربازیی یەکگرتووی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە.
وەزیری بەرگریی پاکستان مێژووی دروستبوونی ئیسرائیلی بە دەوڵەتێکی نایاسایی و بە بەرهەمی ڕاگەیەندراوی بەلفۆری ساڵی 1917 وەسف کرد. جەختی لەوەش کردەوە، گۆڕینی سەرکردەکان لە ئیسرائیل یان ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هیچ لە ڕەوشەکە و دوژمنایەتی ئەوان بەرامبەر بە گەلی فەلەستین ناگۆڕێت.
خەواجە ئاسیف ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل بەردەوامە لە نانەوەی دووبەرەکی و هاندانی وڵاتانی ئیسلامی لە دژی یەکتر، بۆیە تاوەکو کێشەی فەلەستین بە تەواوی چارەسەر نەکرێت، پێویستە جیهانی ئیسلامی وەک دەستەیەکی یەکگرتوو بوەستێتەوە.
شایەنی باسە ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگریی پاکستان تەنیا ڕۆژێک دوای واژۆکرددنی ڕێککەوتننامەیەکی سەربازیی هاوبەش لە نێوان پاکستان، سعودیە و تورکیادا دێت، کە تێیدا جەخت لە سەر پێویستیی یەکگرتوویی و هاوکاریی سەربازیی وڵاتانی ئیسلامی کراوەتەوە.