وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن دامەزراوەیەکی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنە داراییەکان لە دۆحەی پایتەختی قەتەر پێکدەهێنێت، ئەوەش بە مەبەستی چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی خەرجکردنی ئەو پارە بلۆککراوانەی ئێران کە بڕیارە بۆ کڕینی پێداویستیی مرۆیی بەکاربهێندرێن.
سکۆت بێسانت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە کەناڵی (CNBC)ی راگەیاندووە، بەشێکی زۆری سەروەت و سامانی بەستراوی ئێران تەنیا بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان ئازاد دەکرێت.
ئەم لێدوانەش هاوکاتە لەگەڵ گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە جەختی لەوە کردووەتەوە ئەو پارانە دەبێت بۆ کڕینی بەرهەمی کشتوکاڵی لە ناوخۆی ئەمریکادا خەرج بکرێن.
دۆناڵد ترەمپ لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: "ئەو پارانە بۆ کڕینی گەنمەشامی، گەنم، سۆیا و بەرهەمەکانی دیکە لە جووتیاران و ڕەنجدەرانی خۆمان ئازاد دەکرێت.
ئێران پێویستیی زۆری بە خۆراک هەیە و ئێمەش ئەو خۆراکەیان لە ئەمریکاوە بۆ دابین دەکەین."
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی تاران ئەو مەرجانە رەتدەکەنەوە و پێشتر رایانگەیاندووە کە خۆیان بڕیار لەسەر شوێن و چۆنیەتی خەرجکردنی پارە ئازادکراوەکانیان دەدەن؛
هاوکات تاران جەخت دەکاتەوە کە ئامادە نییە هیچ بەرهەمێکی کشتوکاڵی یان دەرمانسازی لە ئەمریکا بکڕێت.