بڕیارە ئەمڕۆ بە بەشداریی نوێنەرانی 40 وڵاتی جیهان، کۆبوونەوەیەکی فراوان و ستراتیژی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەبچێت، کە تێیدا بە سەرۆکایەتی هەریەک لە حکومەتەکانی بەریتانیا و فەرەنسا تاوتوێی دۆخی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەکرێت.
ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوە نێودەوڵەتییە، دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گشتگیر و سەلامەتە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و تانکەرەکانی نەوت کە رۆژانە بەو گەرووە ستراتیژییەدا تێپەڕدەبن، ئەمەش دوای زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی دروستبوونی ئاستەنگ و هەڕەشە بۆ سەر جووڵەی بازرگانی جیهانی.
میدیا جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە وڵاتە بەشداربووەکان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی هاوئاهەنگییەکی سەربازی و هەواڵگرییەوە، میکانیزمێکی نوێ بۆ چاودێریکردنی رێڕەوە ئاوییەکان دابڕێژن تاوەکو دەستەبەری گەیشتنی کاڵا و وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان بکەن بەبێ هیچ پەککەوتنێک، چونکە هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک لەو ناوچەیەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆ و خێرای لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان و ئاسایشی ئابووریی نێودەوڵەتی دەبێت.