سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ناتۆ ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای گواستنەوەی ئاسمانیی خۆیان، ١٢ فڕۆکەی سەربازیی جۆری ئەی٤٠٠ ئێم (A400M) لە کۆمپانیای ئایرباس دەکڕن.
مارک ڕووتە لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی 36ـەمین لووتکەی سەرۆک و حکومەتەکانی ئەندامی ناتۆ لە ئەنقەرە، لە کۆڕبەندی پیشەسازیی بەرگریدا گوتارێکی پێشکێش کرد و ڕایگەیاند: "هاوپەیمانانی ناتۆ بۆ زیادکردنی توانای ئاسمانیی خۆیان ئەو گرێبەستە واژۆ دەکەن". سکرتێری ناتۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم سەکۆیە کەرتی پیشەسازی و ناتۆ کۆدەکاتەوە و دەرفەتێکی گونجاوە بۆ پیشاندانی داهێنانەکانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەتییەکەدا.
سکرتێری گشتیی گوتی: "ساڵێک لەمەوبەر لە لووتکەی لاهای بەڵێندرا بوو وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی بەرگریدا بکرێت، بەشێوەیەک تاوەکو ساڵی 2035 خەرجییە سەربازییەکان بگەیێندرێتە 5٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)". بڕیاریش وایە لە کۆتایی کۆڕبەندی پیشەسازیی بەرگری لە ئەنقەرە، چەندین ڕێککەوتنی گەورە بە بەهای ملیاران دۆلار لە نێوان هەردوو دیوی ئەتڵەسیدا واژۆ بکرێن.
مارک ڕووتە لە درێژەی گوتارەکەیدا یەکەم پڕۆژەی هاوبەشی ئاشکرا کرد، کە کڕینی 10 فڕۆکەی ئایرباس (A330) لەخۆدەگرێت بۆ تانکەری سووتەمەنی و گواستنەوەی خێرا، بەم هەنگاوەش هێزە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکەی ناتۆ دەبێتە خاوەن 12 فڕۆکەی لەو جۆرە.
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی فڕۆکەی ئایرباس (A400M):
- توانای هەڵگرتنی 37 تۆن باری هەیە.
- درێژییەکەی 45.1 مەتر، بەرزییەکەی 14.17 مەتر و درێژی باڵەکانی 4.2 مەترە.
- جگە لە کەلوپەلی سەربازی، توانای هەڵگرتنی هێلیکۆپتەر، زرێپۆش و 116 سەربازی هەیە.
- خێراییەکەی دەگاتە 780 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و توانای بەرزبوونەوەی تا 12 هەزار و 200 مەتری هەیە.