موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، ڕایگەیاند، پەکەکە لە بڕیاری خۆی بۆ ستراتیژیی تێکۆشانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بێدەنگکردنی چەکەکان ڕژدە، بەڵام هۆشداریی دا، کە ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئەوان بەردەوام بکات، توانای وەڵامدانەوەیان لە جاران سێ بۆ چوار هێندە زیاترە.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "ستێرک تیڤی"، موراد قەرەیلان ئەو پڕۆسەیەی لە 27ی شوباتی 2025 لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەستپێکراوە، بە هەنگاوێکی مێژوویی پێناسە کرد. گوتیشی: "ئێمە وەکو تەڤگەر لەسەر بنەمای باوەڕییەک هەنگاومان نا؛ پەکەکەمان فەسخ کرد و ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداریمان ڕاگرت، بەڵام دەوڵەتی تورک تا ئێستا لە لایەنی یاساییەوە هیچ هەنگاوێکی پێویستی نەهاویشتووە و پڕۆسەکە درێژ دەکاتەوە".
ئەندامەکەی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل لەبارەی دەنگۆکانی ڕاگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان ڕایگەیاند: "42 ڕۆژە جگە لە شاندی دەوڵەت، کەس ڕێبەر ئۆجالانی نەدیوە. ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێن یاسای چوارچێوەیی پەسند کردووە، دوورن لە ڕاستییەوە و بەشێکن لە شەڕی دەروونیی دەوڵەت بۆ دروستکردنی هیوای ناڕاست". موراد قەرەیلان ئاشکراشی کرد، هۆکاری بەردەوامبوونی گۆشەگیری و نەگەیشتن بە ئەنجام، سەپاندنی نزیک بوونەوەی یەک لایەنەی دەوڵەتە لەسەر ئۆجالان.
موراد قەرەیلان گوتیشی: "ئەگەر دەوڵەتی تورک لە زاب و مەتینا لە چوار ساڵی ڕابردوودا تێکنەشکابا، نەدەهاتە سەر مێزی گفتوگۆ". وەک بەڵگە لەسەر بەهێزبوونی تەکنۆلۆژیای سەربازیی تەڤگەرەکە ئاشکرای کرد، توانیویانە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو (SÎHA) لە جۆری "ئاکنجی" (Akinci) کە لە بەرزایی 11 هەزار مەتر بەسەر ئاسمانی قەندیلدا فڕیون، بخەنە خوارەوە.
ئەندامەکەی فەرماندەیی نەپەگە رایگەیاند: "ئەگەر داواکاریی ڕێبەر ئۆجالان نەبووایە، دەمانتوانی شەڕەکە بەرفراوانتر بکەین. توانامان هەیە خۆمان بگەیەنینە ناوەندە ئابوورییەکان، شوێنەکانی نەوت و هەر هەرێمێک بە دووری 800 کیلۆمەتر". گوتیشی، ئەگەر دەوڵەت بە زیهنییەتی کۆنی لەناوبردن بەردەوام بێت، گەریلا مافی پاراستنی ڕەوا بەکاردەهێنێت.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، موراد قەرەیلان ئاماژەی بە ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد و ئەمەی وەک هەنگاوێکی باش نرخاند. بەڵام هۆشداریی دا بە دەوڵەتی ئێران، کە دوای ئەم ڕێککەوتنە هێرش نەکاتە سەر کوردی ڕۆژهەڵات، چونکە کورد نەبووەتە بەشێک لەو شەڕە. گوتیشی پێویستە ئێران کێشەکان بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر بکات، نەک بە زۆرداری و سێدارەدان.
قەرەیلان پیرۆزبایی لە بەستنی (کۆنفرانسی زمانی کوردی) کرد و بڕیارەکانی بە گرنگ پێناسە کرد. ئەوەشی بەبیر هێنایەوە، کە هێزی ڕاستەقینەی تەڤگەر لە ڕوحی فیداکاریی (بەرخودانی 14ی تەممووز) لە زیندانی ئامەد و شەهیدانی وەک عەلی حەیدەر قەیتان (فوئاد)دایە، کە لەسەر ڕێبازی ئەوان بەردەوام دەبن.