ڕاستەوخۆ

پەروین بوڵدان: دەکرێت یاسای پرۆسەی ئاشتی لە 5 ڕۆژدا پەسەند بکرێت

reset font size increase font size

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕایگەیاند کە یاسای چوارچێوەیی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد، تەنها لە 7 بۆ 8 ماددە پێکدێت و ئەگەر ئیرادەیەک هەبێت، پەرلەمانی تورکیا دەتوانێت لە ماوەی پێنج ڕۆژدا پەسەندی بکات.

مورات یەتکین، ڕۆژنامەنووسی دیاری تورکیا، لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ هەینی (19ی حوزەیرانی 2026) بڵاویکردووەتەوە، وردەکاریی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پەروین بوڵدان ئاشکرا کردووە.

 بوڵدان ئاماژەی بە کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کردووە لە 16ی حوزەیران و گوتوویەتی: "باسی ئەوەمان کرد کە دەرکردنی یاسای چوارچێوەیی پێش پشووی هاوینەی پەرلەمان پرۆسەکە خێراتر دەکات و سوودی بۆ تورکیا دەبێت.

کورتوڵموشیش هاوڕابوو، هەرچەندە هێشتا ئەنجامێکی کۆنکرێتی نییە، بەڵام من گەشبینم."

"دواکەوتنی یاساکە مەترسییەکان زیاتر دەکات"

بەگوێرەی گوتەی بوڵدان، ئەم یاسایە پێویستی بە دوو ڕۆژ کارکردن هەیە لە لیژنەکاندا و دواتر لە کۆبوونەوەی گشتیدا دەنگدانی لەسەر دەکرێت.

ئەو جەختی لەوە کردووەتەوە کە شاندی ئیمراڵی پێیان وایە دواکەوتنی ئەم هەنگاوە یاساییە و هێشتنەوەی پڕۆسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ، مەترسیی تێکدانی زیاتر دەکات.

بوڵدان هۆشداریی دا لە بارودۆخی ناوچەکە و گوتی: "ژینگەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە. باس لە ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەکرێت، بەڵام هێشتا ڕوون نییە چی ڕوودەدات.

لە لایەکی دیکەوە، لە ناوخۆی تورکیاشدا لایەنێک هەن دەیانەوێت پڕۆسەکە تێکبدەن و ئەگەری سابۆتاژکردن هەیە."

پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و نەخشەڕێگای داهاتوو

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پەروین بوڵدان ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆیی پەکەکە کردووە لەم قۆناغەدا و ڕایگەیاندووە کە پەکەکە لە پڕۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوەدایە و دەستی بە چەکدانان کردووە.

گوتیشی: "بەرپرسانی پەکەکە ڕایانگەیاندووە کە پابەندن بە عەبدوڵڵا ئۆجالان و وەک سەرۆکی شاندی دانوستانکار قبووڵی دەکەن، بۆیە پێناچێت لەو لایەنەوە کێشە دروست بێت."

لە کۆتاییدا ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی جەختی کردەوە کە بۆ بینینی پێشکەوتنی زیاتر لە پرۆسەی چەکدانان، پێویستە یاساکە دەربچێت تاوەکو نەخشەڕێگاکە ڕوون بێتەوە و دیاری بکرێت کێ، چۆن و لە چ کاتێکدا دەگەڕێتەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.