بۆردی یاسایی لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە کاردانەوەی بەرامبەر پەککەوتنی دامەزراوە نیشتمانییەکان و دەنگۆی هەڵپەساردنی کارەکانی بەشێک لە دادوەرانی دادگای پێداچوونەوە، پەیامێکی بەپەلە ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێم دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قورسی شەرعیەتدایە.
بۆردی یاسایی کۆمەڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کێشە کەڵەکەبووەکانی ناو دەسەڵاتی دادوەری و پەککەوتنی دادگای پێداچوونەوە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ململانێ و پشکپشکێنەی سیاسیی نێوان دوو حزبی دەسەڵاتدارە، کە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕەخنەی توند لە دۆخی ئێستای دامەزراوەکان گیراوە و هاتووە: پەرلەمان زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگە نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی پێکبهێنێت، حکومەتیش سێ ساڵە وەک کاربەڕێکەر ماوەتەوە و لە ڕێگەی فەرمانی نایاساییەوە ڕسووماتی قورسی بەسەر هاووڵاتیاندا سەپاندووە. هاوکات ئەنجومەنی پارێزگاکان و شارەوانییەکانیش شەرعیەتیان نەماوە.
لەسەر ئەم بنەمایە، کۆمەڵی دادگەری داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، بەپێی دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بدات و لە زووترین کاتدا وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دیاری بکات، تاوەکو لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە شەرعیەت بۆ دامەزراوەکان بگەڕێتەوە.