تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، ساڵێک بەسەر ڕێوڕەسمی سووتاندنی چەکدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەو عەقڵییەتە سیاسییەی پێیوایە پڕۆسەکە تەنها بە قسە و لێدوان بەڕێوەدەچێت، هیوای کۆمەڵگە بەرەو کەمبوون دەبات و درێژەکێشانی ئەم قۆناغەش مەترسییەکان قووڵتر دەکاتەوە.
تەیب تەمەل ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی تەممووزدا "یاسای چوارچێوە" بۆ گەڕانەوەی گەریلاکان بخرێتە بەردەم پەرلەمانی تورکیا، بەڵام نەبوونی هەنگاوی کرداری زیانی گەورەی بەم ساڵەی ڕابردوو گەیاندووە و دۆخەکەی تووشی چەقبەستوویی کردووە.
جێگری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، تیشکی خستە سەر بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان لە 27ی شوباتی ساڵی ڕابردوودا بۆ هەڵوەشاندنەوەی خەباتی چەکداری و ڕایگەیاند، ئەم هەوڵانە لە ساڵانی 1990کانەوە لە ئارادابوون بەڵام هەمیشە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە لەباربراون.
تەیب تەمەل جەختی کردەوە، پێشهاتەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت شەڕی غەززە و پلانەکانی ئیسرائیل بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر پرسی کورد هەیە و دەوڵەتی تورکیاش بەهۆی ترسی لە بەهێزبوونی کورد و مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری لە سووریا، ناچار بوو بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام هێشتا عەقڵیەتی دەوڵەت دەیەوێت بە کەمترین ئیمتیاز و لە ڕێگەی گەمەی کات کوشتنەوە پڕۆسەکە بەڕێ بکات لە کاتێکدا کە ئۆجەلان پێشنیازی هەموارکردنەوەی 7 بۆ 8 ماددەی یاسایی پێشکەش کردووە بەڵام وەڵامێکی کرداری وەرنەگرتووەتەوە.
سەبارەت بە ڕێوڕەسمی سووتاندنی چەک لە ئەشکەوتی جاسەنەی سلێمانی لە 11ی تەممووزی ساڵی ڕابردوودا بە سەرکردایەتی بەسێ هۆزات، تەیب تەمەل ڕوونیکردەوە، پێشنیازی سووتاندنی چەکەکان لەبری شاردنەوە یان ڕادەستکردنیان بە لایەنی سێیەم، لەلایەن ئۆجالان و سەرکردایەتی پەکەکەوە هات، چونکە ئەمە نیشانەی گەڕانەوەی بێ پاشەکشە و هەنگاونانێکی قورس بوو بۆ گۆڕینی ڕێبازی تێکۆشان بەرەو دیموکراسی.
جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای کرد، یاسای چوارچێوەی گەڕانەوە بە شێوازێکی گشتگیر دابڕێژرێت کە سەرجەم فەرماندە و گەریلاکان بگرێتەوە و ئۆجالان لە دۆخێکی ئازاددا سەرکردایەتی پڕۆسەکە بکات. هۆشداریی دا لەوەی پشتگوێخستنی ئەم دەرفەتە و بەستنەوەی پڕۆسەکە بە کۆبوونەوەکانی ناتۆ یان گۆڕانکارییەکانی ئێران و سووریا، تەنها تەمەنی کێشەکە درێژ دەکاتەوە.