ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە و گوتی، هەرچەندە دانوستانەکان بەردەوام بن، بەڵام تەنها بەفیڕۆدانی کاتن.
ئەم پێشهاتە تەنها سێ هەفتە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان واشنتۆن و تاران دێت، کە پێشتر ترەمپ وەک تەسلیمبوونی بێمەرجی ئێران ناوی هێنابوو، بەڵام ئێستا هەردوولا هێرشی نوێیان دەستپێکردووەتەوە و ئارامی لە ناوچەکەدا بە تەواوی نەماوە.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گڕێکی نوێی هێرشی سەربازیی کردە سەر ئێران، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک دژ بە هێرشە نوێیەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.
ترەمپ لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی ناتۆ لە تورکیا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووسی ئاگربەستەکە گوتی: "پێموایە کۆتایی هاتووە، من چیتر نامەوێت مامەڵەیان لەگەڵ بکەم، ئەوان باند و چەتەن، تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە منەوە هەبێت، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا تەنها بەفیڕۆدانی کاتە".
دوای لێدوانە توندەکانی ترەمپ، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی خێرا بەرزبووەوە، بەجۆرێک نرخی نەوتی خاوی برێنت لە مامەڵەکانی بەیانیدا بە ڕێژەی 6٪ بازیدا و گەیشتە نزیکەی 79 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. بەم پێیەش، نرخی نەوت دوای دابەزینێکی کاتی، دووبارە گەڕایەوە بۆ ئاستی پێش هەڵگیرسانی شەڕەکە.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە و وەک بەشێک لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی گەرووی هورمز، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆڵەتی گشتیی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش ئاڵۆزی و نادیارییەکی زیاتری خستە سەر دۆخی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان.