دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند, پێدەچێت لێکتێگەیشتن لەگەڵ تاران بە تەواوی کۆتایی هاتووە و جەختی کردەوە هیچ ئارەزوویەکی نییە لە داهاتوودا بچێتە ناو هیچ جۆرە مامەڵە و ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا، هاوکات بەرپرسانی تارانی بە نەخۆش ناو برد.
سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان له پشت سەرجەم کێشەکانی ناوچەکەوە وەستاون و گوتیشی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاتێکی زۆری بەفیڕۆ دا لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاراندا". سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ هاوپەیمانێتیی باکووری ئەتڵەسی، ترەمپ ڕایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک ڕازی نیم لە هەڵوێستی ناتۆ لەسەر هەردوو پرسی ئێران و گرینلاند". پێیوایە ئەمریکا ڕووبەڕووی مامەڵەیەکی دادپەروەرانە نەبووەتەوە لە ناو هاوپەیمانییەکەدا.
دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی زیاتر لە تریلیۆنێک دۆلاری بۆ پاراستنی هاوپەیمانیی ناتۆ خەرج کردووە، بەڵام هاوپەیمانییەکە هیچ پشتیوانییەکی پێشکەش بە ئەمریکا نەکرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتەی کە بە یەکەم دەوڵەتی سپۆنسەری تێرۆر لە جیهاندا ناوزەدی کرد.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا بە بەراورد بە ئەندامەکانی دیکە بە شێوازێکی ناهاوسەنگ تێچووی دارایی ناتۆ دابین دەکات و دووبارە جەختی کردەوە، کە دۆسیەی گرینلاند کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئەمریکا.