ڕاستەوخۆ

نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی چوار هەفتەی ڕابردوو

reset font size increase font size

لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕ و گەمارۆ دەریاییەکانی نێوان واشنتن و تاران، بازاڕەکانی جیهان شڵەژانێکی نوێیان بەخۆوە بینی. ئەمڕۆ سێشەممە، نرخەکانی نەوت بە ڕێژەی نزیکەی 3% بەرزبوونەوە و گەیشتنە بەرزترین ئاستی خۆیان لە ماوەی چوار هەفتەی ڕابردوودا.

ئەم بازدانە ڕاستەوخۆ دوای گەڕاندنەوەی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و پەرەسەندنی هێرشە دەریایی و ئاسمانییەکان لە دەوروبەری گەرووی هورمز دێت.

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە بڕی 1.50 دۆلار (یان بە ڕێژەی 1.18%) زیادی کرد و گەیشتە 84.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا (WTI) بە بڕی 1.70 دۆلار (یان بە ڕێژەی 2.2%) هەڵکشا و گەیشتە 79.84 دۆلار.

ئەمە بەرزترین ئاستی نرخەکانی نەوتە لەوەتەی 17ی حوزەیرانی ڕابردوو، کاتێک هەردوو وڵات یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کردبوو، بەڵام ئێستا ئەو لێکتێگەیشتنە بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە.

سوپای ئەمریکا بۆ سێیەم شەوی لەسەریەک هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران بەردەوام کرد. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەمارۆی سەر کەشتیوانیی ئێرانی ڕاگەیاندەوە و پێشنیاری سەپاندنی باجی 20%ی کرد لەسەر ئەو کەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.

تیم واتێرەر، سەرۆکی شرۆڤەکارانی بازاڕ لە کۆمپانیای (KCM Trade) ڕایگەیاند: "گەڕاندنەوەی گەمارۆکە لەلایەن ئەمریکاوە و وەڵامەکانی ئێران، مەترسیی نوێیان هێناوەتە ناو بازاڕەوە. هەرچەندە تەنگەکە بە تەواوی دانەخراوە، بەڵام ئامانجە دژبەیەکەکانی واشنتن و تاران وێنەی دابینکردنی نەوتیان لە جیهاندا تەمومژاوی کردووە".

لە نوێترین پێشهاتیشدا، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری وڵاتەکەی لە ڕێڕەوی باشووری گەرووی هورمز بە دوو موشەکی کرووزی ئێرانی پێکراون. بەهۆی ئەو هێرشەوە، ئەندامێکی تیمی کەشتییەکە، کە ڕەگەزنامەی هیندی هەبووە کوژراوە و 8ی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات، داتاکانی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی نیشانی دەدەن، کە جووڵەی تانکەرەکان بە ناو گەرووی هورمزدا بۆ نزمترین ئاستی دوو مانگی ڕابردوو دابەزیوە. پریانکا ساچدیڤا، شرۆڤەکاری کۆمپانیای (Phillip Nova) جەخت دەکاتەوە، کە هەر ڕێگرییەکی جدی لە هەناردەی فیزیکیی نەوتی خاو بە ناو گەرووەکەدا، دەبێتە هۆی بازدانی زیاتری نرخەکان.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، حوسییەکانی یەمەن هێرشە موشەکییەکانیان بۆ سەر سعودیە دەستپێکردەوە، دوای ئەوەی ڕیاز تێوەگلا لە بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەیەکی ژێر کۆنترۆڵی ئەوان. سایمن وۆنگ، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە (Gabelli Funds) هۆشداری دەدات، کە ئەگەر حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لە دەریای سووردا فراوان بکەن، هێندەی تر ناڕوونی و گرانی ڕوو لە بازاڕی وزەی جیهانی دەکات.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.