سەرۆکی ئەمریکا جەخت لە سەر بەردەوامیی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئیران دەکات و ڕایگەیاند، گەمارۆی بەندەرەکان کاریگەرییەکی زۆرتریان لە جەنگی سەربازیی هەیە. گوتیشی، ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و نابێت هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاژانسی ئەکسیۆسی ڕاگەیاند، گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران بارودۆخی ئابوری ئەو وڵاتەی شێواندووە، هەربۆیەش لایەنی ئێرانی لە پێناو کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان دەیانەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامبدەن.
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گەمارۆکان، تاوەکو ئەو کاتەی ئێران ڕێککەوتنێک واژۆ دەکات کە سەرجەم نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە بارەی پرسی ئەتۆمیی چارەسەر دەکات.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بە سزاکان ئەوا بیر لە هێرشی سەبازیی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەکەنەوە.