سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، گەمارۆی سەر گەرووی هورمز بەردەوامە و ئابووریی ئێران لە لێواری هەرەسهێناندایە، هاوکات ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جگە لە خۆی و چەند کەسێکی کەم، هیچ کەسێک ئاگاداری دۆخی ڕاستەقینەی دانوستانەکان نییە لەگەڵ ئێران.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە کێشەکانی ئەوان ئەوەیە بە نازانن سەرکردە سەرەکییەکانی ئێران کێن، ئەوەش جۆرێک لە ئاستەنگی بۆ پڕۆسەکە دروست کردووە.
لە بارەی دۆخی ئابووریی ئێرانیش، ترەمپ جەختی کردەوە، ئێران خوازیاری گەیشتنە بە ڕێککەوتن، چونکە ئابوورییەکەیان لە حاڵەتی داڕماندایە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، گەمارۆدانی گەرووی هورمز بە گوێرەی پلانەکان بەردەوامە و هێز و کاریگەریی ئەم گەمارۆدانەی بە "سەرسوڕهێنەر" ناوبرد.
هەروەها لە بارەی کۆتاییهاتنی ئاگربەست و ئەگەری هێرشی دووبارە بۆ سەر ئێران، ترەمپ گوتی، "نازانم پێویستمان پێی دەبێت یان نا، بەڵام ڕەنگە پێویست بکات".