وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری نوێی سەبارەت بە ڕێکخستنی پێگە ئەلیکترۆنییەکان لە وڵاتدا دەرکرد، کە تێیدا بڕیاری بلۆککردنی سەرجەم سایتەکانی گرەوکردن و قوماری ئەلیکترۆنی درا، هاوکات بلۆکی سەر ماڵپەڕی جیهانیی فیلم و سینەما "IMDb" لادرا.
لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵگا و ڕێگریکردن لە زیانە داراییەکان، وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق بە فەرمی سەرجەم پێگە و پلاتفۆرمەکانی گرەوکردن و قوماری ئەلیکترۆنی لە سەرانسەری وڵاتدا بلۆک کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارە بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییە ئابوورییەکان، بەرەنگاربوونەوەی ئاڵودەبوونی دیجیتاڵی و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی سامانی هاووڵاتیان دەرکراوە کە هەڕەشە لە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دەکەن.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا، وەزارەتی پەیوەندییەکان بڕیارێکی دیکەی دەرکرد بە لادانی بلۆک لەسەر پێگەی بەناوبانگی جیهانیی "IMDb" کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندن و زانیارییەکانی فیلم و بەرهەمە سینەماییەکان. بەم بڕیارەش جارێکی دیکە پلاتفۆرمەکە لە ناوخۆی عێراقدا بۆ بەکارهێنەران و ئارەزوومەندانی سینەما کەوتەوە خزمەت و بە تەواوی کارا کرایەوە.