بانکی وەبەرهێنانی ئەمریکی "جیپی مۆرگان" لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ئاسۆی ئابووریی تورکیا بۆ ساڵی 2026، پێشبینی دەکات، کە گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی خاوبوونەوە و سستی ببێتەوە، لە کاتێکدا کەرتی پیشەسازیی سەربازی و فڕۆکەوانی بە پێچەوانەی بازاڕی گشتییەوە بەرزبوونەوەی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی جیپی مۆرگان، سەرەڕای خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا هێشتا بە بەرزی ماوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ساڵ تەنیا بۆ 29% دابەزێت. بەهۆی بەردەوامیی گرانیی نرخەکانەوە، بانکە ئەمریکییەکە ئامۆژگاریی بانکی ناوەندیی تورکیا دەکات، پەلە نەکات لە دابەزاندنی ڕێژەی سوود.
هاوکات دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانی وەک سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) و ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) پێشبینییەکانی خۆیان بۆ گەشەی ئابووریی تورکیا کەم کردووەتەوە.
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر بڕیاری دیاریکردنی کەمترین مووچە لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوودا و جەخت دەکاتەوە، ئەم بڕیارە دەبێتە نیشاندەری سەرەکیی پلانی هەڵبژاردن و سیاسەتی ئابووریی داهاتووی حکومەت، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت کەمترین مووچە بە ڕێژەی 35% بکەوێتە خوار هێڵی هەژارییەوە.
جیپی مۆرگان ئاماژە بە جیاوازیی نێوان دیدگای سیاسی و دارایی ئەمریکا بەرامبەر تورکیا دەکات، لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ لە واشنتن بەهۆی پێگەی جیۆپۆلەتیکییەوە وەک هاوبەشێکی ستراتیژی و سەربازیی گرنگ سەیری تورکیا دەکات، بەڵام بازاڕی دارایی وۆڵ ستریت و بانکە گەورەکان تەنیا سەرنج دەخەنە سەر مەترسییە ئابوورییەکان، ڕێژەی سوود، هەڵاوسان و ناسەقامگیریی دراوی نیشتمانی.
سەرەڕای سستبوونی کەرتی پیشەسازیی گشتی لە تورکیا، کەرتی سەربازی و پیشەسازیی فڕۆکەوانی لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیەیە و گەشەکردنێکی خێرای تۆمار کردووە. کۆمپانیای "بایکەر"ی تورکی توانیویەتی کۆنترۆڵی 60%ی فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چەکدارەکان (درۆن) لە تەواوی جیهاندا بکات.
هاوكات کۆمپانیا حکومییە زەبەلاحەکانی وەک "ئەسێلسان" و "توساش" بە جیاواز لە ئابووریی گشتیی وڵاتەکە، لە ئاستێکی بازرگانیی زۆر بەرزدا گەشە دەکەن و بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی بەهێز بۆ ئەنکەرە.